سنور ميديا
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ کۆبونەوە له‌كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه.
بەپێی نوسراوێک کە واژۆی د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە، تیایدا هاتوە، “پشت به‌ستن به‌حوكمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌مادده‌ی (18)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ین بۆ دانیشتنی ژماره (8)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، دانیشتنەکە له‌كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشه‌ممه رێكه‌وتی 2021/4/20 بەڕێوەدەچێت.
لە بارەی تەوەرەکانی کۆبونەوە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندوە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا ده‌نگ له‌سه‌ر پێشنیازه یاسای (هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96، 97) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دەدرێت.
لە بڕگەی دوەمیشدا بیرۆكەی چەند پەرلەمانتارێک دەخرێتەڕو، بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (49) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق لەوانە، بیرۆكەی پەرلەمانتار گەلاوێژ عبید عپمان سەبارەت بە زۆربونی نەخۆشی شێرپەنجە، بیرۆكەی پەرلەمانتار شنۆ ئەشقی سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان.
ئەوەش خراوەتەڕو، لە بڕگەی سێیەمدا خوێندنه‌وه‌ی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەركراوە لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2019) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (79، 80) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان دەکرێت.
بڕگەی چوارەمیش تایبەتە بە خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ چەند پێشنیازە یاسا و بڕیارێک، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، لەوانە پێشنیازە بڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی لە هەرێمی كوردستان، پێشنیازە یاسای (بەڕیوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپور لە هەرێمی كوردستان.