بەپێى گرتەیەکى ڤیدیۆى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بە فراوانی بڵاو کراوەتەوە، ژنە فەرمانبەرێکى چینى دواى ئەوەى چەند جارێک بەڕێوەبەرەکەى هەوڵى گێچەڵپێکردنى سێکسى دەدات، دەیداتە بەر ماسیحە و سەتڵ و هێرشى دەکاتە سەر.
ڕۆژنامەی “دەیلى مەیلى” بەریتانیى بڵاوى کردەوە، ئەو ژنە فەرمانبەرە ناوى چۆییە و لە وەڵامى هەوڵى گێچەڵپێکردنى سێکسی بەڕێوەبەرەکەیدا بەناوى وانگ، هێرشى دەکاتە سەر و بەر ماسیحەى دەدات و گرتەى ڤیدیۆکەش لەماڵپەڕى ویبۆى چینى بڵاو دەکاتەوە و ڕێگای تریش لەدژى دەگرێتەبەر.
میدیاکانى چینیش ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، ئەو پیاوەى کە لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا بەدەردەکەوێت و لێ دەدرێت، ئەوە پۆستەکەى جێگرى بەڕێوەبەرى فەرمانگەیەکى تایبەتى نەهێشتنى هەژارییە لەناوچەى هیلۆگیانگ.
ئەوەشیان ڕوونکردووەتەوە، بەڕێوەبەرەکە داواى لێبوردنى لەو ژنە فەرمانبەرەى کردووە و ئەوەشى وتووە ئەو نامانەى کە بۆى ناردووە تەنها بۆ گاڵتەکردن بووە و هیچ مەبەستێکى گێچەڵپێکردن نەبووە.
ماڵپەڕى ئاسیا وەنى چینى ئەوەى بڵاوکردەوە، ئەو فەرمانبەرەى کە لە ڤیدیۆکەدا بەدەردەکەوێت پۆلیسى لەڕوداوەکە ئاگادارکردووەتەوە و لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە کراوە و ئەو بەڕێوەبەرەش بەتۆمەتى گێچەڵپێکردن ئیدانە کراوە و سزاى دەرکردنى لەکارەکەشى بەسەردا دراوە.