منداڵێکی تەمەن نۆ مانگ دوای مانگێک لە تووشبوون بە کۆرۆنا ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، بە گوتەی مامی منداڵەکە، هەر لە کاتی لەدایکبوونی تەندروستیی سییەکانی باش نەبووە و بەقورسی هەناسەی دەدا، بۆیە چەندجار سەردانی پزیشکیان کردووە و دەرمانیان بۆ بەکارهێناوە.
دوێنی هەینی 16-04-2021 لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمالی منداڵان، یوسف سامان عەلی، منداڵێکی نۆ مانگی خەڵکی چەمچەماڵ دوای مانگێک لە تووشبوون بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “یوسف پێشتر هەستیاری سنگی هەبووە و چەند جارێک لە نەخۆشخانە خەوێنراوە”.
لەبارەی کاتی نەخۆشکەوتنەکە سامان عەلی، باوکی منداڵەکە رایگەیاند، “نزیکەی مانگێک پێش ئێستا هەستمان کرد کوڕەکەم تووشی هەناسەتووندی بووە و پلەی گەرمیی لەشی بەرزبووەتەوە، دوای پشکنین بۆمان دەرکەوت کە تووشی کۆرۆنا بووە”.
یوسف هەر لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە کێشەی هەناسەدانی هەبووە و دوای ئەوەشی کە تووشی کۆرۆنا بووە 80٪ـی سییەکانی لەکارکەوتوون و دکتۆرەکان داوایان لە باوکی کردووە کە ئۆکسیجینی بۆ دانێن، بەڵام دوای ماوەیەک دەرکەوت کە ئەو بڕە ئۆکسجینە بەشی ناکات بۆیە ئامێری سیپاپیان بۆ داناوە.
سامان عەلی ئاماژەی بەوەشدا کە باوکیشی چوار مانگ پێش ئێستا لە کاژێر 3ـی ئێوارەی رۆژی هەینی بە کۆرۆنا کۆچی دواییکردووە و یوسفی کوڕیشی کاژێر 3ـی ئێوارەی هەینی بووە کە کۆچی دواییکرد.
 
بە وتەی باوکی منداڵەکە، دوای ماوەیەک لە بەکارهێنانی سیپاپەکەش رۆژ بە رۆژ تەندروستیی یوسف خراپتر بووە تاوەکو وای لێهات لە هۆش خۆی چووە. هەروەها دەشڵێت، سەرەتای تووشبوونی یوسف بە کۆرۆنا بۆ ماوەی شەش رۆژ لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمالی منداڵان بووە، پاشان بردوویانە بۆ نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە و هەشت رۆژیش لەوێ ماوەتەوە، لە کۆتاییشدا هێناویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال و دوای چوار رۆژ گیانی لەدەستدا.
یوسف خوشک و برایەکی لە خۆی گەورەتر هەیە، سامان عەلی وێنەی ئەوانی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێت، “کچەکەم لە دوێنێوە پێنج جار بووراوەتەوە، دایکیشی زۆر هیلاکە و ناتوانم کۆنتڕۆڵیان بکەم، سەرباری ئەوەش خۆم ئەو هەموو خەفەتەم هەیە”.
 
لەبارەی گیانلەدەستدانی منداڵان بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال، دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 منداڵ لە نەخۆشخانەکەیان بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە.