پۆلیسی راپەڕین وردەکاری رووداوی تەقەکردنەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چوارقوڕنە بڵاوکردەوە کەبەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
 
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕوداوەکە لە کاتێکدا بووە کە دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیسی لە ڕانیە و چوارقوڕنە ئاگادار کرانەوە بە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە ناحیەی چوار قوڕنە/ کۆڵێن سیتی و لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانمان بۆ شوێنی ڕووداوەکە تەقەکەرەکان ڕایان کردبوو بۆ شوێنێکی نادیار. چەند قەوانێکی تەقیوی جۆری چەکی کڵاشنکۆف و دەمانچە لە شوێنی ڕوداوەکە دۆزرانەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە” .
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە وتەی خێزانی کوژراوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێش خۆرئاوابوون لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە کۆڵێن سیتی لە ناحیەی چوارقوڕنە لەلایەن چەند کەسێکەوە دەسڕێژی گوللەی کرایە سەر و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە، لەسەر ڕوداوەکە دادوەری لێکۆڵینەوەی لێ ئاگادارکرایەوە و مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە و فەرمانی دەستگیر کردن بۆتەقەکەرەکان دەرچوو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێڕاقی و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە .