سنور ميديا
رێكخه‌ری ژوری یاسای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بێمتمانه‌یی به دادگا‌و ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری له‌قۆناغێكی یه‌كجار مه‌ترسیداردایه، به بڕیاری دروست له چاره‌نوسی سزادراوانی بادینان، دادگای پێداچونه‌وه ده‌توانێت ئه‌م وێنه‌یه پێچه‌وانه بكاته‌وه.
چۆمان محه‌مه‌د عه‌لی رێكخه‌ری ژوریی یاسایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، دو مانگ به‌سه‌ر بڕیاری دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێردا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به سزادانی شه‌ش ساڵ بۆ پێنج چالاكوانی ده‌ڤه‌ری بادینان، به‌ڵام سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ناوخۆ و راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان خستنه‌روی پیشلكاری و كاره نایاسیه‌كان و دانپیانانی به‌زۆریان، هاتنه‌سه‌رخه‌تی رێكخراوه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته باڵاكانی هه‌رێم، هیچ پێشكه‌وتنێك یان بڕیاری پێداچونه‌وه له‌لایه‌ن دادگای پێداچونه‌وه به‌وبریاره ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “بێمتمانه‌یی به دادگا‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌قۆناغێكی یه‌كجار مه‌ترسیداردایه، ده‌ستوه‌ردان و سه‌ربه‌خۆنه‌بونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌نده زه‌ق و دیاره شیاوی به‌ڵگه‌بۆهێنانه‌وه نیه، روده‌دات له‌ده‌وله‌تانی تریشدا به‌هۆی كێبركێ و ململانێی لایه‌نه سیاسیه‌كان هاولاتی باوه‌رو متمانه‌یان به په‌رله‌مان وحكومه‌ت نه‌مێنیت، به‌ڵام كاره‌سات و خه‌م و مه‌ترسیه‌كه له‌وه‌دایه بێمتمانه‌ی بۆ نێودادگاو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری گه‌یشتوه‌ته ترۆپك كه ئه‌مه دڵخوازی ئێمه نیه، چونكه مه‌ترسیه‌كانی بۆسه‌ر شیرازه‌ی كۆمه‌لگاو ناجێگیری ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌ی پێده‌به‌ین، بۆیه ناكرێت دادگا بكرێته ئامرازی پاكتاوكردنی ركابه‌رانی سیاسی”.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌م كه‌یسه په‌یوه‌سته به ئازادی راده‌ربرین و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی پانتایه‌كانی ئازادی، نوێنه‌ری وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا زۆر به‌جدی له‌سه‌ر خه‌تن بۆ بڕیاری دادگای پێداچونه‌وه، ئه‌م سزایه كاریگه‌ری راسته‌وخۆی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتان هێنده‌یتر به‌چاوی ناشیرین لێمان بڕوانن، لێكه‌وته‌ی بۆ سومعه و پێگه‌ی هه‌رێم ده‌بێت لای وڵاتانی ڕۆژئاوا‌و ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵیدا په‌یام و مه‌ترسیه‌كانی بۆ تاك به‌تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌شه، چونكه پێشبینی كراوه ڕوبه‌روی هه‌مومان ببیێته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م چات و نامه‌گۆڕینه‌وه‌یه‌ی مه‌سنجه‌ر ببێته كرداری تاوانكاری”.
چۆمان محه‌مه‌د عه‌لی داواشیكرد، “حیزبه سیاسیه‌كان به‌خه‌می ئه‌م كه‌یسه‌وه‌بن، چونكه مه‌ترسیه بۆ كۆمه‌ڵگاو كاری سیاسی خۆیان پێش هه‌موكه‌س” و وتیشی، “ئێمه نه ماف به‌خۆمان ده‌ده‌ین ده‌ستوه‌رده‌ینه دادگا و نه‌ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوه‌ردانمان هه‌یه، ته‌نها داواده‌كه‌ین له‌دادگای پێداچونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رباری ته‌دبیقی بڕگه‌و ماده یاساییه‌كان، ره‌چاوه‌ی هه‌ستیاری كه‌یسه‌كه‌و ئه‌و هه‌مو پێشلكاریه یاسایانه بكه‌ن كه خراونه‌ته‌ڕو، له‌خه‌می گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌بن بۆ دادگا‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پیرۆزه”.