سنور ميديا

بڕیارە نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە ئەم نزیكانە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكات.

 

بەپێی سەرچاوەكانی دەنگوباس بە ئەم نزیكانە نوری مالكی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە هەولێر لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی كوردستاندا كۆدەبێـتەوە.

 

لە ئەو سەردانەی دا بۆ هەرێمی كوردستان نوری مالكی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوتوێی هەڵبژاردنەكان و چەند پرسێكی دیكە دەكەن.

 

ئەم سەردانە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی سەدرییەكان كە باس لە گەیشتن بە رێككەوتن دەكرێت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.

 

هاوكاتیشە لەگەڵ گفتووگۆ ئاشكرا و نهێنییەكانی نێوان لایەنەكان بۆ ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.

 

لە دوای پەسەندكردنی پرۆژەی یاسای بودجەی 2021 و جێگیركردنی رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا پەیوەندییەكانی هەردوولایەن بەرە و ئاسایی بوونەوە هەنگاو دەنێن.

 

هەڵبژاردنی ئەمجارە حزبەكان ناچار دەكات هاوپەیمانی پێكبێنن بە تایبەتە حزبە بچووكەكان بەهۆی گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنەوە كە حزبە بچوكەكان ناتوانن بە تەنها كورسی بەرنەوە.

 

لە ئەم چوارچێوەیەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ مسۆگەركردنی پۆستی سەرۆك كۆمار و دەرهێنانی پۆستەكە لەبن دەستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كێبڕكێی خولی ئێستا سەركەوتوو نەبوو.

 

لای خۆیەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە خولی داهاتووشدا پۆستی سەرۆك كۆمار لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە كە لە 2005وە لەدەستی خۆیدایە و هەریەك لە مام جەلال و فوئاد مەعسوم پێشتر سەرۆك كۆمار بوون و ئێستاش بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.