راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیری عێراق رایگەیاندووە کە قەرزە دەرەکیی و ناوخۆییەکانی عێراق گەیشتۆتە ١١٣ ملیار دۆلار، کە ٧٣ ملیاردۆلاریان پێویستیان بەدانەوە هەیە و ٤٠ ملیاریشیان قەرزی هەڵپەسێردراوی هەشت وڵاتن.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە رۆژنامەی “سەباح”ی فەرمی عێراقی راگەیاندووە کە زۆرینەی قەرزەکانی سەر عێراق هی پێش ساڵی ١٩٩٠ ن،کە ١٢٨ ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ و بەپێی ڕێککەوتنی یانەی پاریس دەبوو ئەو وڵاتەنە لەسەدا ٨٠ی ئەو قەرزانە یان زیاتری رەشبکەنەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە ژمارەیەک لە وڵاتان بەڕێژەی لەسەدا سەد لە قەرزەکانیان خۆشبوون و بەشێکیان بەڕێژەی لەسەدا ٩٠ دەستبەرداری قەرزەکانی سەر عێراق بوون، لەو قەرزانەش تەنیا ٣ ملیاری ماوە و ئەویش خەریکە تەواو دەبێت.

 

راوێژکارە داراییەکەی سەرۆک وەزیری عێراق باسی لەوەکردووە کە بەشێک لە قەرزەکانی سەر عێراق هی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و بیانییە وەک کوێت، سعوودیە، قەتەر و ئیمارات و ئێستا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە، هەرچەندە ڕێککەوتننامەی یانەی پاریسیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەڵام ئەوان ئامادە نین دەستبەرداری قەرزەکانیان ببن، ئەو قەرزانەش هی سەردەمی جەنگی عێراق و ئێرانن و بە ٤٠ ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت.

 

ساڵح ڕوونیکردۆتەوە کە چەند قەرزێکی دەرەکیی تریش هەیە و بەهۆی جەنگی داعشەوە کەڵەکە بوون و بە ١٢ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوە جگە لەو قەرزانەی بەهۆی پرۆژەکانی پەرەپێدانەوە لەلایەن هەندێک لە سندووقەکانی پەرەپێدانی جیهانییەوە دراونەتە عێراق، کەبەتێکرایی ٢٣ ملیار دۆلاریان دەبێت بدرێنەوە، جگە لەو ٤٠ ملیار دۆلارە هەڵواسراوە.

 

راوێژکارەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراق جەختیشی کردۆتەوە کە عێراق بڕێکی زۆر قەرزی ناوخۆیی لەسەرە کە بە ٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.