بەرپرسێکی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، سەکۆی ئەو مووشەکانە دۆزراوەتەوە، کە سەربازگەی هێزەکانی سوپای تورکیای لە سنووری باشیك پێ مووشەکبارانکرا.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، لە نێوان ناوچەی شەلالات و بەعوێزە، کە سنووری هێزەکانی لیوای30ی حەشدی شەعبییە، ئەو سەکۆ مووشەکییە دۆزراوەتەوە، کە سەربازگەی زلیکانی سەر بە هێزەکانی سوپای تورکیای پێ بۆردوومانکرا.
یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، سەکۆ مووشەکییەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی عێراقی گواستراونەتەوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. هاوکات لەکاتی ئاراستەکردنی مووشەکەکانیش خەڵکی ناوچەکە گوێبیستی دەنگەکەی بوونە و ئاگری ئاراستەکردنی مووشەکانیان بینیوە.
جگە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر، کاژێر21:10 خولەکی شەوی رابردوو، لە سنووری باشیک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی زیلکانی سەر بە سوپای تورکیا و حەشدی وەتەنی. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سەربازێکیان لە هێرشەکەدا کوژراوە. دوای هێرشەکەش فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە باشیک سێ مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی سەربازییان کراون. ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا و حەشدی وەتەنی لە زیلکان لە سنووری شێخان کراون. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لەو هێرشەدا کچێکی عەرەب بەناوی فائیزە مەحموود کە خەڵکی گوندی گودادی سەر بە ناحیەی زیلکانە و تەمەنی 12 ساڵە، برینداربووە.