بۆ یەکەمینجار دووەمین سەرۆک کۆمارى کورد لەعێراقدا ئاشکراى دەکات، ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان بۆ سەربەخۆیى نەبووە و دەنگیشى پێنەداوە، لەبارەى کێشەى ناو حیزبەکەشیەوە دەڵێت، ئەوانەى لەیەکێتى جیابوونەوە دیسانەوە گەڕانەوە ناوى.
دواى ماوەیەکى زۆر لەبێدەنگى، د.فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆمارى پێشووى عێراق (15ى نیسانى 2021) لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى فورات نیوز، کۆمەڵێک پرسى گرنگ دەوروژێنیت و لەسەر پرسى ڕیفراندۆمى هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند “ئەوە مافێکە بەڵام لەدواى ڕیفراندۆم چى ڕوویدا..؟ من ئەمزانى ڕیفراندۆم سەربەخۆیى بەدەستناهێنێت ودەنگیشم بۆى نەدا”.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، کێشەکانى نێوان بەغدا و هەولێریش هۆکارەکەى چەند یاسایەکى پەکخراون لەوانە یاساى نەوت و گاز و تا ئێستا دەرنەکراون و دەستوریش پێویستى بەپێداچوونەوە و نوسینەوە هەیە چونکە ئەوکاتە ئەندامانى لیژنەى داڕشتنەوەى دەستورى کەسانێکى تێدا نەبوو ئامادەبن ڕۆڵیان تێدا هەبێت و بۆیە دەستور بەدیدێکى سیاسى نوسراوە نەک بەدیدێکى ئەکادیمى یاسایى و ئەوەش ئاکامەکەیەتى ئەمڕۆ دەبینرێت.
لەبارەى بارودۆخى سلێمانى و کۆمەڵێک جموجۆڵى سیاسى ناوچەکەوە، فوئاد مەعسوم وتوشیەتى، ڕەوتەکانى سلێمانى وایکردووە هیچ کەسێک نەتوانێت بیر لە دامەزراندنى هەرێمێکى سەربەخۆ یاخود جیابوونەوە لەهەرێمى کوردستان و دامەزراندنى هەرێمێکى سەربەخۆ بکاتەوە.
جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، خواستێک نیە لەسلێمانى بۆ دامەزراندنى هەرێمێکى سەربەخۆ.
لەدواى نەخۆشکەوتنى تاڵەبانى، فوئاد مەعسوم لە 2014 تا 2018 لەسەر پشکى کورد بووە دووەمین سەرۆک کۆمار و لەمێژووى عێراقیشدا بووە هەشتەمین سەرۆک کۆمارى عێراق لەدروستبوونیەوە لەساڵى 1958 ەوە.