سنور ميديا
پارتی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەرلەمانی عێراقدا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، لە سنووری ماددەی 140دا بەبی هاوپەیمانێتی بەشداریی دەکات و بەربژێری دەبێت.

خه‌سرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، “لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عێراقدا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021بەڕێوەبچێت بەشداری دەکەین، هیچ هاوپەیمانێتییەکمان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەکردووە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا ناوی بەربژێرەکانمان بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەدەین”.

خەسرۆ گۆران کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی پارتیشە دەڵێت، “ئه‌گه‌ر ئەمجارە كورد ئاماده‌كاریی باش بكات، ده‌نگی پێویست لە سنووری ماددەی 140 دەهێنێت، چونکە هەڵبژاردنی ئەمجارە بە گوێرەی بازنە و تەکتیک، جیاوازترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو”.

لە دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک و زۆربەی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 کشایەوە و لەو سنوورە بەشداریی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا نەکرد.