سنور ميديا
فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند، “پەكەكە زۆر ئەستەمە شنگال چۆڵبكات، بە شەڕ نەبێت، چونکە دەیەوێت شەرعیەتێک بە خۆی بدات بۆ مانەوەیان لە ناوچەكەدا”.
قاسم شەشۆ فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، “سەرەڕای ئەوەی بەردەوام شاندی حكومەتی عێراق دێنە شنگال بۆ فشار خستنە سەر پەكەكە بۆ ئەوەی شارەکە چۆڵبكەن، بەڵام ئەوان ئامادەنین چۆڵیبكەن و دەیانەوێت بە جۆرێک لە جۆرەكان شەرعیەت بە خۆیان بدەن و خۆیان بكەنە ھێزێكی عێراقی بۆ ئەوەی لە شنگال بمێننەوە، بۆیە هەر ئەوان رێگرن لە بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی شنگال”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پەكەكە زۆر ئەستەمە شنگال چۆڵ بكات و بە شەڕ نەبێت چۆڵی ناكەن، خەڵكیشیان كردووەتە پەناگە بۆ خۆیان و ھەر جارێك شاندێک دێت، ژن و منداڵ و ئەوانەی لە خشتەیان بردوون، دەیانبەنە سەر رێگا بۆ ئەوەی وای نیشان بدەن كە پشتگیرییان دەكەن و خۆپیشاندان دەكەن، ئەگەر نا خەڵكی شنگال زۆرینەی ئاوارەیە و ئەگەر لەگەڵ ئەوان بوونایە دەگەڕانەوە”.
قاسم شەشۆ باسی لەوەشكردووە، “پەكەكە دەیەوێت شەرعیەتێک بە خۆی بدات و بۆ مانەوەیان لە ناوچەكەدا، دەیانەوێت خۆیان بكەنە ھێزێک لە ھێزە عێراقییەكان تا بەو شێوەیە لە شنگال بمێننەوە، چونكە حكومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی كە شنگال چۆڵ بكەن”.
بەپێی رێککەوتننامەی شنگال، ئیدارەیەکی ھاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمدا پێکدەهێندرێت، هاوکات، دۆسیەی ئەمنی قەزاکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی قەزاکە لە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکانیش دەبێت بچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە، بەڵام تا ئێستا رێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.