سازدانى : لاوان ئەحمەد – کاروخ عومەر
 
دواى ئەوەى دادگای باڵای تاوانەکان بەیوەست بە تاوانى ئەنفال بە بریاری ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٧) سزای لە سیدارەدانی بۆ چەند تاوانبارێک دەرکرد لەوانە ( عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم و چەند تاوانبارێکی تر )، وەهەروەها بە بریاری ژمارە (١٠) لە بەرواری (٢٤/٦/٢٠٠٧) بریاری دەستگیرکردنی بۆ ٤٢٣ تۆمەتبار دەرکرد کە لەو ژمارەیە ٢٥٨ کەسیان کورد بوون .
 
بریاری دەستگیرکردنی تۆمەتباران ڕەوانەى هەرێمی کوردستان کرا بۆجێبەجێ کردن ، وەهەروەها ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بە بریاری ژمارە (٩٤٣) لە (٥/٥/٢٠١١) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەوتۆمەتبارانە دەرکرد کە لە بریاری دادگای باڵای تاوانەکاندا ناویان هاتبوو، ، بەلام جێبەجێنەکردن و دەستگیرنەکردنى تۆمەتباران بووە مایەى نیگەرانى لاى کەسوکارى قوربانیانى ئەنفال.
 
لەگەرمیان بە پشت بەستن بە بڕیارى ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان لەلایەن (دادوەر هاوژین) دادوەری دادگای بەرایی شاری كفری فەرمانى دەستگیرکردن بۆ سێ موستەشار دەرکرا لە دوای جێبەجێكردنی بڕیاری دەستگیركردنەکە، رۆژ دوای رۆژ فشارەکان بۆ سەر ئەم دادوەرە ڕوو لە زیادبوون بوو ، تا گەیشتە ئاستی بڕیاری گواستنەوەى دادوەر هاوژین حامد لە شاری “كفری”یەوە بۆ شاری (ئامێدی)، ئەمەش ناڕەزایەتیەكانی لە نێو كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال و زۆرێك لە چالاكوان و رێكخراوەكانی, فشارەکان و هەڕەشەکان ئەم دادوەرەیان نەوستاند وسوور بوو لەسەر ئەوەى( تاوانبارو بێتاوانن) لە تاوانى ئەنفالدا یەکلابکاتەوەو ئەوەی تاوانبار بوو سزای خۆی وەربگرێ.بەڵام لەبرى پشتیوانیکردنى سزا دراو ناچار بە هەڵهاتنى کوردستان کراو تۆمەتبارانیش ئازاد کران ..ڕۆژنامەى پرس وەک یەکەمین رۆژنامەى کوردى لە (٣٣) هەمین ساڵەى تاوانى ئەنفالدا هەڤپەیڤینێک لەگەڵ (دادوەر هاوژین حامد ) سازدەکات :
 
پرس : (دادوەر هاوژین) دادوەری پێشووی دادگای بەرایی شاری كفری فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ موستەشار دەرکات لە دوای جێبەجێكردنی بڕیاری دەستگیركردنەکەش ئیدی فشارەکان بۆ سەرتان دەست پێدەکات دەکرێ بزانین کێ بوون ئەوانەی فشارەیان دەکرد لەو کەیستەدا ؟
 
دادوەر هاوژین : گوشارەکان لەلایەن کەسانێکی بەهێزەوە بوون کە تا ئێستاش حساب بۆ دەنگی ئەنفالکراوانیش ناکەن، ئەوانە گەورەتر خۆیان دەبینن تەنانەت لە ئەنفالکراوانیش، چونکە دەنگی ئەوانیش نابیستن.
بۆ ئەوەی بزانین کێ بوون ئەوانە، دەبێت بپرسین کێن ئەوانەی کە دەستگیرکراوانیان ئازاد کرد؟
 
لەوە گرنگتر ئەوەیە بپرسین کێن ئەوانەی ئێمەیان وەدەرنا، یان ئەو دەسەڵاتدارانە کێن کە کاریان نەکردووە بۆ گەڕانەوەی ئێمە، چونکە هەر دەسەڵاتدارێک کە کار بۆ لابردنی ئەو ستەمە لەسەر ئەنفاڵکراوان و ئێمەش ناکات، ئەوە هاوبەشی ئەو تاوانەیە. چونکە کاری دەسەڵاتدار لابردنی ستەمە وەمانەوەی ئێمەش لەدەرەوە ستەمێکی گەورەیە.
 
پرس: بریاری دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە لەگەرمیان بە پێی چ بنەماو بڕیارێک بوو؟
 
دادوەر هاوژین : تەواوی بڕیارەکانم لە یاد نەماوە، چونکە زۆرن و ۷ ساڵیش تێپەڕیوە. بەڵام بڕیارەکان لە دادگاوە بوون لە بەغدادەوە، وە پاشان بڕیار و فەرمانی پێدەرچوو لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و وەزەراتی داد و ئەنجومەنی دادوەری. جگە لەوەش پاش دەرچوونی ئێمە، ئەنجومەنی دادوەری هەرێم دووبارە فەرمانی دەستگیرکردنیان ناردەوە بۆ دادگاکان، ئەگەر ئەوانە عەفو کراون ئیدی ئەنجومەنی دادوەری بۆچی گشتاندن دووبارە دەکاتەوە؟
 
دەسەڵاتی کوردی شەو و ڕۆژ لە بەغدان باسی دەستوور و یاسا و مافی مرۆڤ دەکەن، ئەمە بانێکە و دوو هەوا، ئاخر خۆ ئێمەش هەر باسی دەستوورو یاسامان دەکرد.
 
پرس: بڕیاری گواستنەوەی دادوەر هاوژین حامد بڕیارێ کارگێڕی بوو، یان سزادان بووە؟ چۆن؟
 
دادوەر هاوژین : کارگێڕی بنەمای خۆی هەیە، کەواتە کارگێری نەبوو. ئەوە تەنها خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بوو، سزایەکی نایاسایی بوو، هەر چەندە سزای گواستنەوە نابێت بەکاربهاتبایە و سزایەک نیە بەناوی گواستنەوەوە، ئەوە سزا نەبوو، تەنها چاوترساندن بوو.
 
پرس : دادوەر هاوژین حامد کاتێ کوردستان جێدەهێڵێتماوەیەک شوێنی نیشتەجێبوونی ئاشکرا ناکات ئایا هەڕەشەى جددیت لەسەر بوو بۆ نموونە هەڕەشەی کوشتن؟
 
دادوەر هاوژین : بێگومان من هەمیشە کاتێک قسە دەکەم یان کردەوەیەک کە بزانم سوودی هەیە، بۆیە ئەو کات و ئێستاش نامەوێت شتی تایبەتی خۆم باس بکەم، پێش ئەو کێشانەش هەر بەو جۆرە بووم.
 
بەڵام مەنتقی بوو کە هیچ باس نەکەم چونکە بەدڵنیایەوە ئێستاش هەڕەشەی کوشتن هەیە لەسەرمان. کاتی خۆی کە بە ئاشکرایی دژایەتیم نەکرابوو هەڕەشەکانم بە جددی وەرنەدەگرت چونکە دەمزانی قورسە کارێکی ناڕەوا دژ بە دادوەرێک بکرێت، واتا لە ڕووی سیاسی و کارگێڕییەوە زۆر دەکەوت لەسەریان، بەڵام دوای سزادانەکەم ، ئیدی هەڕەشەکان فراوانبوون چونکە منیش هەڕەشەی ئاشکرا کردنیانم کرد بەوەی ئەوا مافی گەلێکە وناکرێت دژایەتی گەل و منیش بکرێ، سەرئەنجام ناچاربووین دەربچین لە کوردستان.
 

«بەدڵنیایيەوە ئێستاش هەڕەشەی کوشتنمان لەسەرە»

 
پرس : بەپیی لێدوانەکانی پێشووى بەڕێزتان سەرۆكی دادگای تاوانەكانی كەركووك گەرمیان فشاری خستووەتە سەرتان بۆ ئەوەی دەستگیركراوانی ئەنفال ئازاد بکرێن ,هۆکاری ئەوە بۆ چی دەگەڕێنیتەوە؟
 
دادوەر هاوژین : ئەو فەرمانبەرێکە لە دەوڵەتدا، پێویست بوو لەسەروو خۆی فەرمان وەربگرێت، بەڵام لە کێ وەریگرتووە، بەدڵنیایەوە نازانم،بەڵام من دەزانم کە کێ و لە چ ئاستێک دژایەتی منی کردووە و دەزانم کێ لە هەمان دەڤەر پشتگیری کردووم، هەموو دەسەڵاتدارانی سلێمانی دژی من نەبوون.
دادوەر ئەکرەمی گەرمیان کاتی خۆی هەموو هەوڵی ئەوە بووە من لە گەرمیان دابمەزرێم، ئیدی بۆ دژایەتیم دەکات؟ بێگومان دژایەتیم ناکات و کەسانێک ناچاریان کردووە ئەو کارە بکات لە دژی من، بەڵام دەبوو قبوڵی نەکردایە.
 
پرس : دەوترێت جاش و موستەشارەکان لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە بە بڕیارێ پیشتر فەرمانی لێبوردنیان بۆدەرکراوە ئایا هیچ لایەنێک مافی لێبوردنی گشتی هەیە لە جاش و موستەشار یان لێبوردن لەو تۆمەتبارانە لەرووی یاساییەوە گونجاوە یان دەکرێ؟
 
دادوەر هاوژین : بەرەی کوردستانی دەزگای دەوڵەتیی نیە، بۆ ئەوەی عەفو بکرێن دەبوو پەرلەمان عفویان بکات، یان دادگایەک بێتاوانیان بسەلمێنێت.
تەنانەت ئەوەش هەندێک پەردەپۆش بکەین، دووبارە فەرمان و بڕیارەکانی هەرێممان بیر نەچێت کە دووبارە لە حکومەت و پەرلەمان و دادوەریشەوە دوای دادگاییەکەی سەددام ، داوای دەستگیر کردنیان کرایەوە، ئەگەر ئەوانە عەفو کراون، ئیدی بۆچی دەزگاکانی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنەکانی دادگای بەغدادیان قبوڵ کرد و داوایان لە دادگا و پۆلیسی هەرێم کرد بۆ دەستگیرکردنیان؟
جگە لەوەش لەم هەرێمە ئێمە شتى سەرسوڕهێنەر هەیە، دادوەرێک دادگای سەدام دەکات پلەی باشتر و ڕێزی لێدەنرێت ، دادوەرێک بەردەستەکانی سەدام دەستگیردەکات شاربەدەر دەکرێت.
 
پرس : لەو ماوەیەدا لە دەرەوەی وڵاتن هیچ هەوڵێک هەبووە بۆ گەڕاندنەوەى دادوەر هاوژین بۆ کوردستان؟
 
دادوەر هاوژین : بێگومان چەندین کەس هەوڵی لابردنی ستەمیان داوە، بەڵام بێئاکام بوو، وە ئێمەش لەسەر کەیسێکی کوردی لەژێر دەسەڵاتی کوردی وا لەدەرەوەین، جێی داخە لە دەسەڵاتی کوردی هەڵبێیت و لەسەر مافی گەلی کوردستانی.
 
ئه‌م چاوپێككه‌وتنه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی پرس بڵاوكراوه‌ته‌وه‌