هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانى کوردستان، یەکڕیزی و یەکدەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان دووپاتدەکەنەوە و بە خاڵێکی گرنگى لەقەڵەمدەدەن بۆ گەشەکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان لەهەموو رووەکانەوە.
هاوکات جەختیان لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە کردەوە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیانە بۆ بەشداریکردن و بەرێوەبردنی حکومەت کە دەبێتە مایەی زیاتر سەقامگیریی هەرێم و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، لە میانى کۆبونەوەیان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان، لەرووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە تاوتوێ کرد.
بەگرنگییەوە ئاماژەیان بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرد، بەپێویستیشى دەزانن، بودجە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی بژێوی ژیان بەگەڕبخرێت.
بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان لە ماسیو تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم کرد.
لە کۆبوونەوەیەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەرووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە تاوتوێکرا، بەتایبەت مەترسی پاشماوەکانی داعش لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق و پەسەندکردنی بودجەی عێراق.
هاوسەرۆکانی یەکێتی کۆی روانین و پێشنیار و بڕیارەکانی یەکێتییان لەبارەی پێشهات و پرسەکان خستەڕوو، بەگرنگییەوە ئاماژەیان بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرد. جەختیان کردەوە كە پێویستە بودجە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی بژێوی ژیان بەگەڕبخرێت و ئەم هەنگاوەشیان بە سەرەتایەکی باش بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان هەرێم و عێراق وەسفکرد.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکان خواستی یەکێتییان دووپاتکردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە چاودێری ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دوور لە دەستتێوەردان کە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو پێکهاتەکان بکات. ئەم هەنگاوەشیان بە فاکتەری سەقامگیری سیاسی، ئاسایش، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە قەڵەمدا.
لەبارەی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستان و بەرقەرارکردنی ئارامی زیاتر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش هاوسەرۆکانی یەکێتیی ویستی حزبەکەیان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان دووپاتکردەوە و بە خاڵێکی گرنگیان لەقەڵەمدا بۆ گەشەکردنی زیاتری هەرێمی کوردستان لەهەموو رووەکانەوە.
هاوکات جەختیان لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە کردەوە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیانە بۆ بەشداریکردن و بەرێوەبردنی حکومەت کە دەبێتە مایەی زیاتر سەقامگیریی هەرێم و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.


