بەشێك لە خاوەن پێداویستە تایبەتەكانی هەولێر و سلێمانی لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و چاردیان هەڵدا و داوا دەكەن مووچەیان بۆ زیاد بكرێت.
سامان حسێن، سكرتێری یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان رایگەیاند”ئێمە زیاتر لە 300 كەمئەندامین كە لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانداین و چادرمان هەڵداوە. رەمەزان بە سكی برسی و گیرفانی بەتاڵ ناگیرێت. هاتووین بە حكومەت بڵێین كە كەمئەندام نان نییە بیخوات و بیرێكی جیدیان لێبكەنەوە. چەند شەوێك لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیراندا دەمێنینەوە. ئێمە كەمترین مووچەمان هەیە كە 100 هەزار دینارە. سەر شەقام و ماڵەوە بۆ ئێمە وەك یەكە. دەمانەوێت بە لایەنی كەمەوە ئەو مووچانەمان بدەنەوە كە بڕدراون.”
وتیشی، ئەوان داخوازیی دیكەیان بۆ خاوەن پێداویستە تایبەتەكان هەیە وەك دابینكردنی ئامێر و رێگەی تایبەت و یاسای كەمئەندامان، بەڵام ئێستا ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە كەمئەندام پارەی لە گیرفاندا نییە و نان نییە بیخوات.
سامان حسێن ئەوەی خستەڕوو، پێشتر داواكاریمان ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك گوێیان لێ نەگرتووین و كەس ئاوڕمان لێ ناداتەوە.