بەشدارێكی تری داستانی كۆڕێ زانیاری نەبیسراوی داستانەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: كە سوپای رژێم هێرشی دەستپێكرد لەماوەی 10 دەقیقەدا بەری رۆژئاوا كە پارتی و شیوعی و سۆسیالیسی لێبوو بۆ رژێمیان چۆڵكردو نەیانتوانی بەری رۆژهەڵات كە یەكێتی لێ بوو بگرن، دەشڵێت: كاتێك هێزەكانی یەكێتی بەری رۆژئاوایان گرتەوەو شەڕەكە تەواو بوو، كاك مەسعود لەبەرچاوی هەموو ئەو ئاغایانەی لەوێ بوون و زیاتر لە 300 پێشمەرگەو فەرماندەی ئامادەبوو جەمەدانییەكەی لەسەری هێنایە خوارەوەو لەناو دەستەكانیدا گرتی و وتی كاك كۆسرەت من ئەو هێزەی ئێوەم لەبەردەست بێت شەڕی هەموو دنیا دەكەم.
عەبدوڵڵا چۆمانی فەرماندەو پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەگەڵ شەهید حەسەن كوێستانی بەشدارێكی سەرەكی داستانی كۆڕی بووەو 30 پێش ئێستا لەلایەن فەرماندەو پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بەخوێنی 9 پێشمەرگەی یەكێتی تۆماركرا، بە PUKmediaی راگەیاند: لەگەڵ شەهیدی فەرماندە حەسەن كوێستانی بارەگامان لەناو حوجران بوو لەدەربەندی كۆڕێ، دوای بانگی بەیانی رۆژی 11ی 4ی 1991 سوپای رژێمی لەناوچوی بەعس هێرشیكرد بۆ كۆڕێ، لەبەری رۆژهەڵاتی چیای كۆڕێ هێزەكانی یەكێتی و هێزی زەحمەتكێشان و چەند پێشمەرگەیەكی بزوتنەوەی ئیسلامی لێ بوو، لەبەری رۆژئاواش پارتی و شیوعی و حزبی سۆسیالیستی لێ بوو، هەر دوای دەستپێكردنی هێرشەكە بەماوەی 10 دەقیقە بەری رۆژئاوایان كۆنترۆڵكرد كە پارتی و حزبەكانی تری لێبوو، ئەو هێزانە بەرەو شەقڵاوا هەڵهاتن، بەڵام بەری رۆژهەڵات كە یەكێتی لێ بوو پێیان نەگیرا.
وتیشی:كاتێك سوپای بەعس بەری رۆژئاوای كۆنترۆڵكرد شەهید حەسەن كوێستانی هاتەدەرەوەو سەیری كرد شەڕەكەیە، دۆشەكەیەكمان لای بوو، هیوا دۆشكەی لەسەر بوو دەستیكرد بە تەقەكردن، لەدەوری سەعات 8ی بەیانی كاك كۆسرەتیش بەهێزێكەوە گەیشتە لامان و دوای گفتوگۆ لەگەڵ شەهیدی فەرماندە حەسەن كوێستانی هێزەكانی یەكێتی هێزەكەی رژێمیان تێكشاندن تا دەربەندی كۆڕێ هەڵهاتن و نەیانتوانی سەنگەرەكانی یەكێتی بگرن.
عەبدوڵڵا چۆمانی دەشڵێت: دوای تێكشاندنی هێزەكەی رژێم، حسێن ئاغی سورچی و كەریم خانی برادۆست و محەمەد قادر ئاغاو ئاغاكانی ماڵی عوسمان بەگی شەقڵاوە هاتن و باسیان لەوەكرد چی بكرێت، كاك كۆسرەت وتی دەبێت بەری رۆژئاواش كۆنترۆڵبكرێتەوە، لەوكاتەدا كاك مەسعود بارزانی هات و لەگەڵ كاك كۆسرەت و شەهید حەسەن كوێستانی قسەی كرد، كاك كۆسرەتیش لەگەڵ شەهید حەسن كوێستانی وتیان هێزەكانی ئێوە لەوێ بوون و چۆڵتان كردوە، بەڵام لەبەرچاوی هەموو ئامادەبوان كە ئاغاكانی لێ بوو ئێمە ئێستا دەیانگرینەوە، دواتر هێزەكانی یەكێتیان بانگ كرد كە سەفین مەلا قەرە، مام غەفور، عەبدوڵڵا بۆرو شەهید تەحسین كاوانی ئامادەبوون لەگەڵ عومەر ناسرو كۆمەڵێك كەسی تر، دواتر هێزەكانی یەكێتی هێرشیان بۆ بەری رۆژئاوای كۆڕێ دەستپێكردو لەماوەی 20 دەقیقەدا ئەو سەنگەرانەی پارتی و حزبەكانی تر بۆ سوپای رژێمیان چۆڵكردبوو كۆنترۆڵیان كردەوەو لەوێش هێزەكانی رژێمیان تێكشاندو ژمارەیەك سەربازیان كوشت و دەستكەوتیشیان هەبووە.
هەر لەبارەی داستانی كۆڕێوە، وتی:كاتێك هێزەكانی یەكێتی بەری رۆژئاوایان گرتەوەو شەڕەكە تەواو بوو، كاك مەسعود لەبەرچاوی هەموو ئەو ئاغایانەو زیاتر لە 300 پێشمەرگەو فەرماندە كە لەوێ ئامادەبوون جەمەدانییەكەی لەسەری هێنایە خوارەوەو لەناو دەستەكانیدا گرتی و وتی كاك كۆسرەت من ئەو هێزەی ئێوەم لەبەردەست بێت شەڕی هەموو دنیا دەكەم.
باسی لەوەشكرد كە دەبابەكانی رژێمی بەعسیش لەكۆڕێ مەفرەزەكەی شەهید حەسن كوێستانی هێنایان، چاكم لەبیرە كە سەید خدرو مەلا كەریم و حسێن قرچە چونە سەر دەبانەو هێنایانە بەشی پشتەوە، بۆ رۆژی دواتر ئەوانەی پارتی هاتنەوە چونە سەر دەبابەكەو رەسمیان لەسەر گرت.