ژنێکی کوردی خەڵکی ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی 20 ساڵە کە زیندان لەژێڕ سێبەری مەرگدا چاوەڕوانی لە سێدارەدانییەتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی 20 ساڵ لەمەوپێش و لەکاتی بەرگریکردن لە خۆی کەسێکی کوشتووە کە ویستویەتی دەستدرێژی بکاتەسەری.
ڕێکخرای مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، ژنێکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “موحیبەت مەحموودی” کە تەمەن 64 ساڵە 20 ساڵ پێش ئێستا سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە و لە بەندیخانە لە چاوەڕوانی مەرگدایە و ماوەی 18 ساڵیشە لە مافی مۆڵەت و سەردانیکردن بێبەش کراوە.
موحیبەت مەحمودی کە ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، ڕۆژی شەممە 21ی نیسانی 2001، دوای ئەوەی کەسێک بە زۆر چەقۆی بەکار هێنابوو و چوبووە ماڵیان و ویستبووی دەسترێژی بکاتەسەر، بەڵام موحیبەت کوشتبووی، بۆیە دەستگیرکرا و دواتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئورمیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی مەحموودی لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، لە ڕۆژی رووداوەکەدا تەنیا موحیبەت و بووکەکەی لە ماڵدا بوون و کوژراوەکە بە ناوی “حاتەم مەحموودی گونبەدی” خەڵکی ناوچەی سێرووی ئورمیە کە ناسراوێکی دووریان بووە کاتژمێر 8:00ی بەیانی بە چەقۆ و بە مەبەستی دەستدرێژی چووەتە نێو حەوشەکەیان، پاش ئەوەی کە نابراو ئامادە نەبووە ماڵەکە بەجێبێڵێ، موحیبەت چەکێکی هەڵگرتووە و بە مەبەستی ترساندنی حاتەم تەقەی کردووە، بەڵام بێ مەبەست گولـلەیەک بەر حاتەم کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت، ناوبراو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا تەنیا یەک جار و ئەویش 18 ساڵ پێش ئێستا مافی مۆڵەتی پێدراوە کە دوای سکاڵای بنەماڵەی کوژراوەکە خێرا گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانە.
بەگوێرەی ڕێکخراوەکە، ئەو سزایە دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی بەربڵاو و گوشارە نیودەوڵەتیەکانەوە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی بەڕێکرا بۆ لقی ١٠٦ی دادگای جەزایی ئورمیە کە دیسان سزای سێدارەی بەسەردا سەپایەوە و سزاکەش لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
موحیبەت مەحموودی دایکی پێنچ منداڵە یەکێک لە منداڵەکانی لەو پێوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، ” لە رۆژی ڕووداوەکەدا کوژراوەکە سێ چەقۆی دابوو لە زگ و کەلەکەی دایکم و تەنانەت کاتێک هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی چوونەتە شوێنی کوشتنەکە، هێشتا چەقۆکە لە دەستی کوژراوەکەدا بووە، بەو حاڵەش و بە پێی ئەو بەڵگانەش کە لەبەردەستدایە، دادگا سزای سێدارەی بە سەر دایکمدا سەپاندووە”.
کوڕەکەی موحیبەت مەحمودی ئاماژەی بەوەشکردووە، کوژراوەکە دوو هاوسەر و 16 منداڵی هەیە و ئامادەن کە بە خوێنبایی میلیاردێک و 200 میلیۆن تمەن بکوژەکە ببورن، بەڵام دانی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئێمە زۆر دژوارە و ئەگەر ماڵەکەشمان کە تەنیا سەرمایەی ئێمەیە بفرۆشین، نیوەی ئەو بڕە پارەیە دەرناهێنێت، بۆیە داوا لە هەموو خێرخوازەکان دەکەم کە یارمەتیمان بدەن تا ئەو بڕە پارەیە کۆبکەینەوە و پاش 20 ساڵ بە دیداری دایکمان شاد ببینەوە”.
بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی هەنگاو، لەئێستادا 12 ژن کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.