ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە لە ئاست پێویستدابێت و لانی کەمی ژیانێکی شایستە بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان دابین بکات، بۆیە وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشنیازیانکردوە پشکی خاوەنپێداویستانی تایبەت لە موچە بەبێ دواکەوتن دابەشبکرێت.
د.میران محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک نوسیویەتی، “خاوەنپێداویستیانی تایبەت توێژێکی کاریگەری کۆمەڵگەن، رۆڵی گرنگیان هەیە لەدیاریکردنی رەهەندەکانی کۆمەڵگە و هاوکات پێوەرێکی گرنگن بۆ هەڵسەنگاندنی هەمو دەسەڵاتێکی ئیداری، کە بەداخەوە لەم روەشدا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە لە ئاست پێویستدابێت و لانی کەمی ژیانێکی شایستەیان بۆدابین بکات”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ماوەیەک بەرلەئێستا پێشنیاریانکردبو کە پشکی خاوەنپێداویستانی تایبەت لە موچە بەبێ دواکەوتن دابەشبکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێستا لەچوارچێوەی رێکەوتنی بودجەدا چاوەڕواندەبن کە موچە و ژیانیان رێکبخرێتەوە.
