پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەمەودوا بڕیاری بەستنی دەمامک توندتر دەکەن و چاودێرییەکی وردی بازار و شوێنە گشتییەکان دەکرێت، ئەو کەسانەیشی پابەندی رێنماییەکان نابن روبەڕوی رێکاری یاسایی دەبنەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەسبەی دوشەممە قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی هەڵدەگیرێت و بازگەکانیش لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەداخراوی دەمێننەوە، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەکەن هاوکاریان بن بەجێبەجێکردنی رێنماییەکان و بەستنی دەمامک لەشوێنە گشتییەکان، بەپێچەوانەوە ناچار دەبن رێکارەکان تا راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ چڕبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر داواکاری هاوڵاتیان و بۆ کارئاسانیکردنی ئیش و کاری رۆژانەی هاوڵاتیان رێکارەکانیان کەمکردوەتەوە، بەڵام پەیوەست بە جێبەجێکردنی رێنماییەکان و بەستنی دەمامک توندتر مامەڵە دەکەن، ئەو کەسانەیشی پابەندی رێنماییەکان نابن سزادەدرێت.
ئەمڕۆش جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە هەردو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا رادەگیرێت و تەنها خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت، هەروەها دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت لە رۆژانی پێنجشەممە دا ئاسایی دەکرێتەوە و داوا لەسەرجەم شوێنە گشتییەکانیش دەکەن پابەندی رێنماییەکان بن، بەپێچەوانەوە شوێنەکانیان دادەخرێن.