وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ناحکومی) رادەگیرێت و تەنیا بە رێگەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.
د. جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجام دا و دەقی بڕیارە نوێیەکانی خوێندنەوە.
لە خاڵی سێیەمی راگەیێندراوی لیژنەی باڵای کۆرۆنا کە بڕیارە کەمێکی دیکە بڵاوبکرێتەوە، بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دراوە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی “خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ناحکومی) رادەگیرێت و تەنیا بە رێگەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.”
سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا. جووتیار عادل گوتی “خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکو پێشوو بەردەوام دەبێت  و وانەی پراکتیک لە کەمپسی زانکۆکان ئەنجام دەدرێت.”